نوێترین

هاواری ئیسلام مه‌لای گه‌وره‌


هاواری ئیسلام

هۆنراوه‌ی: مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌
تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ری ئاهی خه‌م

برایانی دین میللەتی ئیسلام
تابیعی شەرعی شای خەیرول ئەنام

عەرزێكم هەیە ئەم بەندەی فەقیر
خاڵی لە غەرەز، بێ بوغز و تەقسیر

بە فەرموودەی حەق ئایەتی قورئان
موسڵمان هەموو پێكەوە بران

ئیمڕۆ ئەبینم برایانی من
فیرقە فیرقە بوون لێك بوون بە دژمن

بێ ئیتتیحادن، بێ ئیتتیفاقن
نیسبەت بە یەكتر ئەهلی نیفاقن

دینی ئیسلامێ ئەوڕۆ زەعیفە
باعیسی چییە؟ شێخ و خەلیفە

هەركەس ئەیبینن غەیرە موریدە
لەبەرچاوانیان هەر وەك یەزیدە

موریدیش كەسێك بە غە یر بزانن
فەوری ئەیكووژن، ئەگەر بتوانن

پێی وایە بەهەشت بە دەس شێخانە
مایەی ویش كاوڕ و گیسك و بەرانە

غەیری عەداوەت بوغزی موسڵمان
ئێوە چ فێر بوون لە خزمەت شێخان

یا شێخ نایب و وەكیلی خوایە
رزق و رۆزی و رۆح، لە دەس وی دایە

چی موسڵمان و ئەهلی تاعەتە
بە ئەمری خودا جێگەی جەننەتە

ماڵ‌وێرانیش بووین هێندەی برینج و رۆن
بۆ شێخان بەرین، بە مفتی بیخۆن

ئەگەر لە عیلمی غەیبین باخەبەر
خەزێنەی قەدیم بۆ ناهێننە دەر؟

ئەوە بوختانە و خەڵك فریو دانە
چی شێخی نەبێ شێخی شەیتانە

ئەسحابی رەسووڵ، یا خۆ تابیعین
مریدی كێ بوون برایانی دین؟

دەڵێن ئاقیدە بە بەرد كافییە
قسێكی درۆیە و هەرگیز وا نییە

گەر ئەوە راستە خودای نەخواستە
چی بوت پەرەستە ئاقیدەی راستە

ئاقیدەی عەوام ئەزانن چییە؟
پێی وایە تۆبە لە لای شێخییە

پێغەمبەر ئەیكرد رۆژی حەفتا جار
لە خزمەت خودا تۆبە و ئیستیغفار

تۆبە لە بەینی عەبد و خودایە
بۆ تۆبە شێخیش وەك عەبد وایە

هەم پیر هەم مرید مەقسوودیان ماڵە
مەقسوود پڕ بوونی تێڕ و جەواڵە

نە شێخ شك ئەبا عیلمی حەقیقەت
نە مرید دیویە رێگای تەریقەت
لەبەر ناكۆكی شێخان و مرید
لەبەر چاوی یەك گش بووینە یەزید

مەسڵەحەت وایە برای تەریقەت
با بدەیتەوە بۆ لای شەریعەت

بەڵكوو بە روحمی خودا و پێغەمبەر
بوغز و غەرەزمان لە دڵ بچتە دەر

تازە بێتەوە حوببی قەدیممان
تۆوی مریدی نەیەتە نێومان

ئیتر شێخ مەكەن بە لات و مەنات
هەر بیپەرستن تا ماوە حەیات

هاواری ئیسلام بۆ ئەوەی ماوە
ئاڵقەی غوڵامی لە گوێ نەكراوە

كەسێك كە دارای عیلمی غەیبییە
موحتاجی ماڵی فەقیران نییە

بەسە ئەی رەمزی جاهیل چا نابێ
مەلاش بەعزێكیان ماڵیان خەرا بێ
ئەوان راوەستان بە دەستەو نەزەر
جاهیلیش كەوتنە سوجدە سەراسەر

ئاهی خه‌م. هۆنراوه‌ی: مه‌لای گه‌وره‌كۆیه‌
ماڵپه‌ری ئاهی خه‌م
سه‌رچاوه‌: كوڵی دڵی مه‌لای گه‌وره‌
www.ahyxam.ml

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

صور المظاهر بواسطة borchee. يتم التشغيل بواسطة Blogger.