نوێترین

لێدە شەفیق




لێدە شەفیق 
كام قەیرە سیاسەتبازی كورد
دەست بەتاڵە 
یا سەرقاڵە 
كامیشیان هێشتا بیر كولە
یا گەرمەی تەریقەیەتی
یا مناڵە ..
خۆشەوویستە یا خوێن تاڵە 
دوای ( ئازادی ) و ( كوردایەتی ) 
هەر دەڵاڵە !
بە منەت و نازونووكە ..!
لێدە شەفیق
شایی و زەماوەندی ( كورد ! ) ە
بۆ بەشوودانی كەركووكە ..

كام شۆڕشگێڕ ئەقڵ سووكە 
وەك دایناسۆر
بەدەن كەتەو
زەبەللاح و
مل ئەستوورو
كەلە پووت و 
سەر بچووكە ...
مەردە یان وەك گوڕنەتەڵە 
نێرە مووكە ..
خۆی گۆڕیووە
گوایە ئەمیش
خزمی یاوەری بەربووكە !!
لێدە شەفیق
هەر بەشوودانی كەركووكە ..!

كام شایەرەی راگەیاندن 
زۆر دەبەنگە 
یا سەر حیزێكی بێ دەنگە 
قەرەچەناغە یا مەنگە
دوای بەشوودانی ئازادی 
دوای تەڵاقی كوردایەتی
دوای هەزارو یەك گەوادی 
ئەویش ئەڵێن
بۆ پشكی خۆی
مات و مەلوول و بێ تووكە !
لێدە شەفیق
هەر بەشوودانی كەركووكە ..!

زاوای نوێ ی كورد هاڵبێرتانە !
( دیك ) كەڵەشێری كوردانە 
خانە دانە
خاوەن خانە 
خاوەن ناڵ و 
گەوڕو ئاخوڕو كورتانە !
بۆ شاباشێ 
با ئەویش دڵی نەئێشێ 
با جووت خەزوور
یا هەڵەپاسی سەر زلی
یا سەركردەی سەر گزگلی
پدك و ینك
شۆڕشگێڕانی كەوا سوور 
لەسەر حسابی شیربایی
با عەزاش بكەن بە شایی ..
دوای رمانی بەنی سڵاوە
رەنگ رێژی مەرزی دێگەڵە 
دوو كۆڵانی رەحیماوە
دووی تری شۆریجەش ماوە..
شەفیق گیان تۆ لێدە ، فوو كە
ئەم بانگەشەی رزگارییە 
هەر تلیاكە
بۆ بەشوودانی كەركووكە ..!


 2003-11                                                                                                         
ئۆسلۆ                                                                                                          
هۆنراوەی :مامۆستا كرێكار                                                                                                     

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

صور المظاهر بواسطة borchee. يتم التشغيل بواسطة Blogger.