نوێترین

مژدە كوردە



مژدە كوردە
بڕیاری پارتی و یەكێتی
دانیشتنە !
دوای ئەم دە ساڵ خۆكوشتنە 
دوای ئەم خوێن و كۆنە زامە 
دوای ( جەولات ) ی
شەڕ گورزو داشی دامە 
دیدارو پێك گەیشتنە ..
رەشبین مەبن 
لەوەی لیژنەكە ( فەرعی ) یەو
بۆ لەیەكتر گەیشتنە ..
بڵێن ئۆخەی
بۆ قوماتی
مەلۆتكەی ئیفلیجی هیوای كوردایەتی 
هەشتاهەمین دانیشتنە .. 

ئۆخەی كوردە دانیشتنە
كۆتایی شەڕی ناوخۆیی و
كورد كوشتنە ..
ـ تو خوا مەڵێن 
( پێشڕەوانی كوردایەتی
دوورن لە پەیمان و بەڵێن ) !
ـ رەشبینانە مەڵێن : خووە
مەڵێن : نۆرەی شەڕی ساردو
حەوانەوەی جەنگاوەرانی ماندووە ..
ـ مەڵێن : ئەمە 
بنی یەكەو سەری دووە
كورد كوژییەو
لە ریشی باب و باپیری 
كورد هەڵچووە ..
ـ تو خوا مەڵێن :
هەر هەموو هەشتا جەلسەكە 
پێكەنینی پلاستیكی
سیاسەتمەداری دووڕووە ..
پەلە مەكەن 
بۆ ئاڵ و گۆڕی دیلەكان 
هێشتا زووە ..!
.........
كوردە ئۆخەی 
ئەمجارەیان
ئاواتێكت بەدەست دەخەی
بەڵام مەڵێن :
ئەم هەشتاهەمین جەلسەیە 
هەر قسەیە ..
فاك و فیك و
تەونی درۆو دەلەسەیە ..
ئەم خەڵكە گەر هی ئەم گەلەن 
بۆ بە پەلەن ؟!
ئەم جەلسانە 
رێڕەوی هەزاران هەلە ..
ئومێدی كوردی لەسەرە 
راستە هەلە 
بەڵام كوا كاتی گونجاوی
بەزمی ( تگبیع ) ی دوو ( گەل ) ە ؟!
هەر لە ئێستە 
ئەم دوو حیزبە بە هەڵوێستە 
تاكو مردن 
هەر خەریك بن
بە سنووری 
دوو ( هەرزە ئیدارە )ی دووری
سنگ شێری ماكەر پشتی 
ژێر دەستە ؟!!
كەی ئێستا كاتی مەلەفی 
بەندو شاربەدەرو دیلە ؟!
ئەم جەلسانە 
چارەنووسسازی دوو حیزبە 
بۆ داهات و 
پارەی ئیبراهیم خەلیلە ..!
...............
ئۆخەی كوردە 
هێدی هێدی
خەونەكانت وا دێنە دی !
ـ بەڵام مەڵێن 
ئەم دوو حیزبە
هەر هەڵە بوون
لەو زەمانەی تووتەڵە بوون
بودەڵە بوون !
كەوی راوو
گۆشی داوو
هەر پاسەوانی تەڵە بوون !
ـ بۆچی دەڵێن :
ئەم جەلسانە 
دوای هیلاكی و
شەڕە لەقەو سم سوانە ؟!
ئەم دوو حیزبە پێشڕەوەی كورد
هەر چییەك هەن
سەگەلن ، گورگن ، بەرازن ،
گەرچی ئێستا بە جاشێتی و
كەللە پووتی
زۆری زیندانیان دەنازن ..
 رەشبین مەبن
حەتمەن رۆژێ دێ بسازن .. 
بەڵام ئەمڕۆ
وەكو فورسانی شەست و شەش 
هەر چاوەڕوانی ئیعازن ..!

هۆنراوەی :مامۆستا كرێكار                                                                                                    

                                                                                                    بیارە 28/4/2002
بە بۆنەی گرتنی هەشتاهەمین دانیشتنی نێوان                                                                                       
 پارتی و یەكێتییەوە ووتراوە كە بۆ ئاسایی كردنەوەی                                                                                                
!! نێوانیان لە سلێمانی ئەنجامدرا                                                                    

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

صور المظاهر بواسطة borchee. يتم التشغيل بواسطة Blogger.